سەمای دارستان
خوڕە و هاژە و خرمەی باران
گۆرانی و سەمای دارستان
چک چک دەنگی شەمەندەفەر
گرمەی هەوریشی بێتە سەر
کازیوەی ڕوونی بەر بەیان
دیمەنێکە ناوازە و جوان
سەیری بکەن، بۆی بڕوانن
تابلۆی ڕەنگینی ئاسمانن
ئیتر یەکسەر ئەستێرەکان
دەڕۆن، ون دەبن لە چاوان
ئینجا جریوەی باڵندەیە
ئاوازی دڵگیریان هەیە
مژدەی ڕۆژێکی نوێ دێنن
ژیانمان بۆ دەنەخشێنن
منیش لەگەڵ هاوڕێکانم
بە بینینیان شادومانم


