ژیار و وێنەی ناو چیرۆکەکە
ن: صفا عزمي
و: کارزان مەحموود
ژیار لە شوێنی نووستنەکەی دانیشتبوو، سەرگەرمی خوێندنەوەی چیرۆکێک بوو، کە بە وێنەی قەشەنگ نەخشێنرا بوو.
ژیار قەڵەمەکەی گرت بە دەستەوە و دەستی کرد بە شێواندنی وێنەی ناو چیرۆکەکە.
چاویلکەیەکی خستە سەر چاوەکانی مام کەڵەشێر، سمێڵی بۆ وێنەکەی مانگا زیاد کرد، دوو گوێی گەورەی لەسەر سەری پشیلە کێشا و لە شوێنی کلکی مراوی کلکی ئەسپی دانا.
پاش ئەم کارە و شێواندنی وێنەکانی ناو چیرۆکەکە، کتێبی چیرۆکەکەی بەکراوەیی دانا و نووست.
گیاندارانی نێو چیرۆکەکە، کاتێک وێنەی خۆیان بەو شێوەیە بینی، زۆر دڵگران بوون.
هەموویان بڕیاریان دا، لەم گاڵتەجاڕییەی ژیار خۆیان ڕزگار بکەن، هەمووان دەربچن لە کتێبی چیرۆکەکەی ژیار.
وێنەی گیاندارانی نێو کتێبی چیرۆکەکەی ژیار دەستیان کرد بە دەرچوون و خۆهەڵدان لەنێو ڕووپەڕی چیرۆکەکەی ژیارەوە بۆ سەر کەلوپەلی نێو ژووری نووستنەکەی ژیار، تا ئەوەی هەمووان ون بوون.
کاتێک ژیار لە خەو بەئاگا هات و سەرنجی کتێبی چیرۆکەکەی دا، زۆری بەلاوە سەیر بوو، هیچ وێنەیەک لە وێنەی گیاندارە قەشەنگ و جوانانەی نێو کتێبی چیرۆکەکەی دیار نەمابوون. تەنیا ئەو خەت و هێڵە گاڵتەجاڕییانە نەبێت کە لەسەر وێنەی گیاندارەکان داینابوون.
ژیار هەستی کرد بەوەی کە کارێکی باشی نەکردووە، کە ئاوای لەگەڵ وێنەی گیاندارانی نێو چیرۆکەکەدا کرد، زۆر پەشیمان بوو، بۆیە هەر خێرا دەستی کرد بە سڕینەوەی ئەو هێڵە گاڵتەجاڕییانەی کە کێشابوونی. وێنەی گیانـدارەکانی کێشایەوە، تا ئەوەی زۆر ماندوو دەبێت و خەو دەیباتەوە.
کاتێک گیاندارەکان زانیان ژیار پەشیمان بووەتەوە، ئەوانیش بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لەنێو کتێبی چیرۆکەکەی ژیار.
بۆ بەیانی کاتێک ژیار لە خەو هەڵسا، بینی هەموو وێنەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. بیری دەکردەوە، ئەوە خەون بوو کە وێنەی نێو چیرۆکەکە بزر بووبوون، یان گەڕانەوەی وێنەکان خەون بوو، بەڵام لە کۆتاییدا، ژیار وانەیەکی باشی وەرگرت، لەوەی هیچ کات، گاڵتە نەکات و ئازاری گیانداران نەدات، نەک بە خۆیان، تەنانەت بە وێنەکانیشیان.


