Edit Template

گوڵی ئەفسووناوی- چرۆ رەشید

گوڵی ئەفسووناوی

باخچە دڵگیرەکەی ماڵی کۆدیا، پڕ بوو لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ و داری سەوز و جوان، گوڵێکی ئەفسووناوی دەگمەن و جیاواز لە باخچەکەیاندا هەبوو، ئەو ڕۆژانە لەگەڵ هەڵهاتنی تیشکی خۆر پەڕەکانی یەک یەک دەکرانەوە.

 هەر پەڕەی ڕەنگێکی دەنواند، گوڵێکی فرەچەشن و جیاواز بوو، ئەو هەموو بەیانییەک بە ڕەنگی نوێ دەگەشایەوە، نەخش و شێوەی جیاواز و سەرنجڕاکێشی لەسەر گەڵاکان و زەوی و باخچەکە دەنەخشاند، ئەو گوڵێکی سەرسوڕهێنەر و وێنەکێشێکی بەتوانا بوو، بەو ڕەنگانەی لەنێو هەست و دەروونیدا بوو، وێنەی دەموچاوی لێوبەخەندە و دڵخۆشی  دەکێشا، زۆر جار وێنەی ئەستێرە و پەپوولە و زۆر شتی تری دەکێشا، بەڵام گوڵەکانی تر هەمیشە ئیرەییان پێی دەبرد، بۆیە زۆر جار گوڵی ئەفسووناوییەکە هەستی بە دڵتەنگی دەکرد.

 ئەو چوو لەژێر دارزەیتوونێکی گەورە دانیشت و گلەیی کرد، دارزەیتوونەکە بە زەردەخەنەوە گوتی: دڵتەنگ مەبە لەوەی تۆ جیاوازیت لەناو باخچەکەدا، بۆیە بۆ ئەوەی لێت تێبگەن، سەرەتا دەبێت باوەڕ و متمانەت بە خۆت هەبێت، چونکە هەموو گوڵەکانی ئەم باخچەیە جوانن، بەڵام تۆ بەهرەکەت نەک تەنیا جوانە، بەڵکوو ئیلهامبەخشە بە ژیان. بەهرەکانت زۆر بەنرخن، بۆیە هەمیشە هەوڵ بدە، هونەرەکەت  لە دڵی دەوروبەرتدا بچێنیت و ئاوی بدەیت. تەنیا لەسەر زەوی وێنە مەکێشە، بەڵکوو هیوا لەسەر دڵەکاندا بکێشە.

 گوڵەکە زەردەخەنەیەکی کرد و هەستی بە گەشانەوەی ڕەگەکانی کرد، لەو ڕۆژە بەدواوە دەستی کرد بە وێنەکێشان لەسەر گەڵا و گوڵ و قەدی دارەگەکان. دوای چەند ڕۆژێک گوڵەکانی تریش دەستیان کرد بە نزیکبوونەوە لێی و داوایان لێ دەکرد وێنەی بچووک یاخود وشە و هێمای شادییان بۆ بکێشێت، ئیتر بەو شێوەیە باخچەکە جوانتر و دڵخۆشتر دەرکەوت، هەموو بڕوایان بەوە هێنا، کە ئەم گوڵە گوڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو وێنەکێشێکە بۆ خۆشبەختی و ژیان… بۆ ڕازاندنەوەی ژیانی ئەوانی تر. لەو ڕۆژە بەدواوە هەموو بە یەک دروشم لەباخچەکەدا دەژیان (بەهرەکەت بچێنە و باخی ژیان ڕازاوە بکە).

چرۆ ڕەشید

Writer & Blogger

Considered an invitation do introduced sufficient understood instrument it. Of decisively friendship in as collecting at. No affixed be husband ye females brother garrets proceed. Least child who seven happy yet balls young. Discovery sweetness principle discourse shameless bed one excellent. Sentiments of surrounded friendship dispatched connection is he.

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©