Edit Template

لە ڕۆژی جیهانیی دایکاندا هەموومان دایکمان خۆش دەوێت – زیاد ڕەشاد قادر

 

لە ڕۆژی جیهانیی دایکاندا

هەموومان دایکمان خۆش دەوێت

منداڵانی خۆشەویست… دەزانن ئەوڕۆ چەند بۆنەیەکی خۆش و دڵگیرمان هەیە، ئەوانیش: جەژنی نەورۆز، جەژنی ڕەمەزان، یەکەم ڕۆژی بەهار، سەری ساڵی کوردی و بۆنەیەکی دیکەشە کە دەمەوێت لێرەدا بەتایبەت قسەی لەسەر بکەین. دەی با سەرەتا بەکورتی باسی ئەو چار بۆنەیە بکەین، کە ناومان هێنان، پاشان دێینە سەر بۆنەی پێنجەم و تێروتەسەلتر لەوانی، دی قسەی لەسەر دەکەین:

١ــ جەژنی نەورۆز: جەژنێکی دێرینی نەتەوەییە، کە ساڵانە لە یەکی خاکەلێوە، واتە ٢١ی ئاداردا دەکرێت، وشەی نەورۆز لە دوو بەشی (نەو) واتە نوێ یان تازە، (رۆز)یش واتە ڕۆژ، کە پێکەوە واتای (ڕۆژی نوێ) دەگەیەنێت و هێمایە بۆ سەرکەوتنی هەق بەسەر ستەمدا. ئاگرکردنەوەش لەو ڕۆژەدا، نیشانەیە بۆ مزگێنی و بانگەوازی ئازادی.

٢ــ جەژنی ڕەمەزان: جەژنێکی ئاینییە و تایبەتە بە موسڵمانان، دەکەوێتە یەکەم ڕۆژی مانگی شەووالی ساڵی کۆچی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جەژنی ڕەمەزان هاوشێوەی جەژنی قوربان، بەهۆی ئەوەی بە ساڵنامەی کۆچی حسێب دەکرێت، بۆیە هەر ساڵێک دە ڕۆژ زووتر لە وادەی ساڵی پێشوو دەبێت و دەکەوێتە بەروارێکی جوداوە، وا ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز.

٣ــ یەکەم ڕۆژی بەهار: وەک هەموومان دەزانین ساڵ چار وەرزە، کە خۆشترینیان بەهارە، چونکە لە بەهاردا دەشتودەر سەوز دەپۆشێت و خونچەی گوڵ دەپشکووێت و درەخت گەڵا دەردەکات، ئەوجە لە وڵاتی کوردەواریدا، یەکەم ڕۆژی بەهار هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز، خەڵک لە بەهاراندا زێتر دەچنە گەشت و سەیران.

٤ــ سەری ساڵی کوردی: ساڵنامەی کوردی ٧٠٠ ساڵ لە پێش زاینەوە دەست پێ دەکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد، کە بە ڕۆژێکی مێژوویی و نەتەوەیی دادەنرێت. ئەم بۆنەیەش هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز و یەکسانبوونی شەو و ڕۆژ.

٥ــ ڕۆژی جیهانیی دایکان: دەی ئێستا کاتی ئەوەیە باسی بۆنەی پێنجەم بکەین، کە ئەویش ڕۆژی جیهانیی دایکانە، لە کوردستان و ناوچەکە ڕۆژی ٢١ی ئادار، ڕۆژی دەربڕینی سۆز و سوپاس و خۆشەویستییە بۆ دایک. ئەو مرۆڤە میهرەبانەی، کە پێش ئەوەی چاو بە ژیان هەڵێنین، بەهۆی ئێمەوە ڕەنج دەکێشێت و ماندوو دەبێت، لە یەکەم چرکەساتی هاتنە دونیاشمان و لە تەواوی ژیانماندا، پارێزگاریمان لێ دەکات و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئێمە بە دڵخۆشی و لەشساغی گەورە بین و بژین.

***

ڕۆژی دایک لە چییەوە هاتووە و لە کەیەوە هەیە؟

لەزوودا و لە سەردەمی کۆنی یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکانیشدا، چەندین ڕێوڕەسم و کەڕنەڤال بۆ ڕێزگرتن لە دایک ڕێک خراوە، پەڕتووکە ئایینییەکانیش هەموو دەم ڕێنماییمان دەکەن، کە زۆر ڕێز لە دایک بگرین و لە چاکەکردن لەگەڵیدا هەرگیز درێغی نەکەین. بەڵام دیاریکردنی ڕۆژێک وەک ڕۆژی جیهانیی دایک، دەگەڕێتەوە بۆ نێزیکەی سەت ساڵێک لەمەوبەر، کە کیژێک بە ناوی (ئانا جارڤیس) دەیویست ڕۆژێک هەبێت بۆ سوپاسکردنی هەموو دایکەکان. لەدوای کۆچی دوایی دایکیشی، ئانا لە ساڵی ١٩٠٨ یەکەم ئاهەنگی بۆ ئەم ڕۆژە ڕێکخست، پاشان بوو بە نەریتێکی جیهانی.

***

ئایا لە هەموو جیهاندا هەر ٢١ / ٣ ڕۆژی دایکە؟

نەخێر، وڵاتانی جیهان لە کاتی جیاوازدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە، بەم شێوەیە: لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە ٢١ی ئادار ڕۆژی دایکە، بەڵام لە ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا، دووەم یەکشەممەی مانگی ئایار ڕۆژی دایکە. لە هەندێک وڵاتیش دووەم یەکشەممەی مانگی شوبات، لە هەندێکیشدا یەکەم یەکشەممەی مانگی مایسە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، دایک لە هەموو شوێنێکی جیهان و لە هەموو کاتێکدا، جێگەی ڕێز و سوپاس و خۆشەویستییە.

***

هەموومان ڕێز لە دایکمان دەگرین و زۆرمان خۆش دەوێت

ئەو چاکە و دڵسۆزییەی دایکی هەر یەکێکمان لەگەڵمان دەکات، زۆرن، دەی با هەندێکیان بژمێرین:

١ــ خواردنمان بۆ ئامادە دەکات و جلکەکانمان دەشوات.

٢ــ فێری قسەکردن و ڕێزگرتن و ڕەوشتی جوان و چاکە و دڵسۆزیمان دەکات.

٣ــ کاتێک نەخۆش دەکەوین، بەدەممانەوە دێت و هەوڵی چارەسەریمان دەدات.

٤ــ کە لەبەر هەر هۆیەک دڵتەنگ و بێتاقەت دەبین، دێتە فریامان و خەممان دەڕەوێنێتەوە.

٥ــ هانمان دەدات بۆ چوونە قوتابخانە و سەرکەوتن لە خوێندن.

تۆش دەتوانیت بەشێک لەو چاکە و دڵسۆزییانەی دایکت بەرانبەرت کردوویەتی، بیهێنێتەوە یاد و لەسەری سوپاسی بکەیت…

***

لە ڕۆژی جیهانیی دایکاندا چی بە دایکمان بڵێین؟

خۆشەویستان… ئێمە هەرچی بکەین، دەتوانین چاکەی بەشێکی دڵسۆزی و پەرۆشییەکانی دایکمان بدەینەوە، دەکرێ ئەو بۆنەیە بقۆزینەوە و بە یەکێک لەم جۆرانەی خوارەوە، ڕێز و وەفا و خۆشەویستی بۆ دایکمان دەرببڕین:

١ــ دیارییەکی جوانی بۆ بکڕین و پێشکێشی بکەین.

٢ــ هاوکاریی زیاتری بکەین لە کاری ناو ماڵدا.

٣ــ پەیامیکی پیرۆزبایی بۆ بنووسین و تێیدا خۆشەویستیی خۆمانی بۆ دەرببڕین.

٤ــ ئەگەر دەستی نووسینی شیعرمان هەیە، شیعرێکی جوانی بۆ بنووسین.

٥ــ ئەگەر بەهرەی وێنەکێشانمان هەیە، وێنەیەکی جوانی بکێشێن.

٦ــ لە خواردنگەیەکی خۆشدا، دەعوەتێکی شایستەی بکەین.

یا هەر شتێکی دی، کە تۆ بە جوان و گونجاوی دەزانیت، دەتوانیت بەهۆیەوە دایکت دڵخۆش بکەیت…

***

بەهۆی دایکمانەوە زمانەکەشمان خۆش دەوێت

ئێمە پێش ئەوەی بچینە قوتابخانە و لەسەر دەستی مامۆستا دڵسۆزەکانمان فێری خوێندن و نووسین و ڕێزمان و ئەدەب ببین، لە باوەشی دایکمان و لە قوتابخانە جوانەکەی ئەودا، فێر دەبین کە بە زمانێکی جوان و بە کوردییەکی پاراو قسە بکەین، کە ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئەو خەڵاتە شیرین و گرانبەهایانەی دایکمان بێ بەرانبەر پێشکێشمان کردووە. هەر لەبەر ئەوەش بۆ ئێمە ڕێزگرتن و خۆشویستن و بەکارهێنانی زمانی شیرینی کوردی، کە زمانی دایکمانە، وەفاداری و ڕێزگرتنە لە هەوڵ و کۆششەکانی دایک.

هەر بمێنن، دروود و خۆشەویستی بۆ دایکان

 

زیاد ڕەشاد

Writer & Blogger

Considered an invitation do introduced sufficient understood instrument it. Of decisively friendship in as collecting at. No affixed be husband ye females brother garrets proceed. Least child who seven happy yet balls young. Discovery sweetness principle discourse shameless bed one excellent. Sentiments of surrounded friendship dispatched connection is he.

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©