ورچەخەپان
چرۆ ڕەشید
ورچەخەپان بەیانی
بەرەو ئاسمان دەیڕوانی
دەیوت: هەور و بارانە
حەزم لە دارستانە
خۆم دەگۆڕم گورجوگۆڵ
خێرا دەڕۆم توندوتۆڵ
لەگەڵ هاوڕێکانی خۆم
بەرەو دارستان دەڕۆم
تک تک باران دێتە خوار
دەڕژێتە سەر گەڵای دار
زۆر حەزم لەناو ئاوە
بێم و بچم لەو ناوە
ڕاوڕاوێن و جۆلانە
بەزمی ناو دارستانە
کە بۆ هەنگوین دەگەڕێم
بە داردا هەڵدەگەڕێم
خۆزگە ئێوەش هەموو بێن
لە دارستان بگەڕێن
سەما و شادی گێڕانە
ئاهەنگی ورچەکانە
لە کاتی خۆرئاوابوون
یەکسەر بەبێ چەندوچوون
بۆ خۆم دەگەڕێمەوە
ڕێک بەرەو ماڵ دێمەوە


