دایه گهوره
هەموومان لەژێر سێبەری دارتووە گەورەکەی ماڵی دایەگەورە دانیشتبووین. دایەگەورە، کە زۆر حەزی بە دانیشتنی ژێر سێبەری دارەکە دەکرد، ئەویش لەوێ دانیشتبوو چیرۆکی بۆ دەگێڕاینەوە، دوای گێڕانەوەی چیرۆک.
پێی گوتین: ڕۆڵە شیرینەکانم، پێم خۆشە گوێم لێ بگرن، تا باسی چیرۆکی ئەم دارەتان بۆ بکەم.
ئێمەش زۆر خۆشحاڵ بووین و گوتمان:
زۆر سوپاست دەکەین دایەگەورەی خۆشەویست، فەرموو بۆمان باس بکە.
دایەگەورە گوتی: نەوە خۆشەویستەکانم! ئەم دارە بەرز و جوانەی کە ئێستا ئێمە لەژێر سایەیدا دانیشتووین، من بە دەستی خۆم چاندوومە و تەمەنی پەنجا ساڵ دەبێ، زۆرم خۆش دەوێ و حەز دەکەم هەموو ڕۆژێک چەند جارێک سەیری بکەم، چونکە وەک هاوڕێیەکی ئازیزی خۆمی تەماشا دەکەم، وا هەست دەکەم، کە ئەویش منی زۆر خۆش دەوێ.
لە وەرزی هاویندا سوود لە سێبەرەکەی وەردەگرین و له سایەیدا پشوو دەدەین، لێرە هەست بە گەرما ناکەین و فێنکاییمان پێ دەدا.
هەر لەگەڵ گزنگی بەیانیدا تاکوو ئێوارە، سەدان چۆلەکە و باڵندەی دەنگخۆش لەسەر لق و چڵەکانی ئەم دارە هەڵدەنیشن و دەجریوێنن، ژیانێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بەسەر دەبەن. ئێمەش بە دەنگی ئەو چۆلەکە و باڵندانە زۆر دڵخۆش دەبین و هەست بە ئارامی و شادیی دەروونمان دەکەین.
ئێمەی نەوەکانی دایەگەورەش، کە زۆر هێمن و بێدەنگ گوێمان شل کردبوو بۆ پەیڤە پڕ لە سوود و خۆشەکانی دایەگەورە، دوایی من گوتم: دایەگەورە، ئێمە زۆر دڵمان خۆش بوو کاتێ باسی ئەم دارەت بۆ کردین، تێشگەیشتین کە سوودی چەند زۆرە، بەڵام پێمان خۆشە زیاتر بۆمان باس بکەی، کە مەبەستت چی بوو لە باسکردنی ئەم دارە؟
دایەگەورە، گوتی: ڕۆڵەشیرینەکانم، مەبەستی من ئەوە بوو پێتان بڵێم، مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێ، دەبێ سوودی هەبێ بۆ ژینگە و دەوروبەری خۆی و ئەو شوێنەی کە لێی دەژیێت. بۆیە منیش کە ئەم دارەم چاند، هەستم کرد کە سوودێکم گەیاندبێ بە ژینگە. دەمەوێ بڵێم سوودی ئەم دارە زۆر زۆرە، لەوانە:
یەکەم: سوود لەبەرهەمەکەی وەردەگیرێ.
دووەم: ناهێڵێ تۆز و خۆڵ بێتە ماڵەکەمانەوە.
سێیەم: هەبوونی سێبەرەکەی کاتێ گەڵاکانی سەوزن.
چوارەم: باڵندەکان لەسەری هەڵدەنیشن و سوودی لێ دەبینن، ئێمەش دڵخۆش دەبین بە دەنگ و جریوەیان.
پێنجەم: جوانترین یادگاریی دێرینە، کە تا ئێستا مابێتەوە و باسی بکەین.
بەڕاستی سوود و کەڵکی دیکەشی هەیە، کە زۆر زۆرن، بەڵام من پێشنیاز دەکەم، کە ئێوەش لە یادی ڕۆژی لەدایکبوونتان، دارێک بچێنن، کە پاشان دەبێتە جوانترین یادگاری بۆ خۆتان.
ئێمەش هەموومان پێکڕا گوتمان: سوپاس بۆ وتە جوان و بە سوودەکانت دایەگەورە، بەڵێن دەدەین کە پێشنیازەکەت جێبەجێ بکەین و جوانترین یادگاری بۆ ژیانمان تۆمار بکەین.


