خۆشم دەوێن
“پێنج تابلۆ ڕەنگینەکەی باشوور، پێشکێش بە مێردمنداڵانی وڵات”
شەکرەشارەکەم هەولێر
بووکی مێژووی نیشتمان
قەڵای دێرینی دونیا و
پایتەختەکەی کوردستان
ناوت لە پەڕەی دیرۆک
بڵند و پرشنگدارە
تۆماری سەروەرانت
پڕ لە کەسی ناودارە
***
شاری من سلێمانی
تۆ یادگاریی بابانی
دڵی زیندووی هەرێم و
سەراپای کوردستانی
شایەتن نزیک و دوور
شارباژێڕ و شارەزوور
لە ئاسمانیان دەبارێ
نمەی پیت و فەڕ و نوور
***
دهۆکە ڕەنگینەکەم
هۆ شارە شیرینەکەم
مەڵبەندی ئاوەدانی و
سەرچاوەی ئەوینەکەم
لە جوانیدا کەموێنەی
دەستەخوشکی جەزیرەی
خاوەن ئامێدی و زاخۆ و
سوارەتووکە و زاویتەی
***
شاری مێژوویی کەرکووک
قەڵات شەنگە وەکوو بووک
لەو دەڤەرەت ژیاون
هەزاران مەردی چاپووک
لەو سەردەمەی هەیت و بوویت
هێمای دیاری مێژوویت
ئای کە چەند خۆڕاگر و
دلێر و لەخۆبوردوویت
***
هەڵەبجەی هێمای بوون و
خەبات و بەرخودانم
شارە بەسەلیقەکەی
سەر نەخشەی نیشتمانم
وا هەستایتەوە سەر پێ
فرمێسکی دوێنێت سڕی
لە لانە دڵگیرەکەت
کۆتری ئاشتی هەڵفڕی


