هایکۆ بۆ منداڵان
لە گوڵی سەر کراسەکەی دایکم بوو
ئەو گوڵەی دروستم کرد
لە وانەی هونەر
… … …
لە فسفۆری دەرسی کیمیا
جوانتر دەدرەوشێتەوە
دوو چاوی پشیلەکەم
… … …
هەمیشە لەگەڵ با یار و
لەگەڵ باران نەیار
کۆلارەکەی من
… … …
دەنگێک لە دوورەوە دێ و دەمبا
تا بڵێی دڵگیر
سترانی هەلور بەلور تەکامەیە
… … …
کە هەقایەتی بۆ دەگێڕمەوە
تەنیا خۆی لێم تێدەگات
بووکەشووشەکەم
… … …
هەر کە لەو ئاسمانە دەیانبینم
خەیاڵی منیش باڵ دەگرێ
لەگەڵ پۆلی ڕیشۆڵەکان
… … …
لە بیابانیش گەورە بووبێت
هەر دەیەوێ لە ناو ئەو ئاوە بکا ڕاز
خاتوو قاز
… … …
هێندەی تەواوی کتێبی بیرکاری
ماندووی کردم
سێ پێنج پازدە دوو حەڤدە سێ بیست
… … …
یەک دوو و سێ
نازانم لە ژماردنی ئەستێرەی چەندەمدا بووم
کە گڵۆپی چاومی کوژاندەوە خەو


