کەروێشکی دیلان
لارا ڕۆژێ یەک دوو جار چاوی بە کەروێشکە خرپنەکەی دیلان دەکەوت. ئاخر دیلان تاقانەیە و دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە خەیابانی کۆن چاوی بەو کەروێشکانە کەوت، پیرەژنەکە لە قەفەزێکی تەلبەنددا بۆ فرۆش لە بەردەمی خۆی دانابوون، دیلان گڕووی گرت و دایکی ناچار کرد کەروێشکی بۆ بکڕێت. ئەویش هەرچەند ئامۆژگاریی کرد، دیلان بە قسەی نەکرد و پێی لە هەرد وەژاند و گوتی: من کەروێشکم دەوێ، من کەروێشکم دەوێ.
پێش ئەوەی قوتابخانە بکرێنەوە، دیلان لەگەڵ دایکی حەفتەیەک چووبوونە لادێ و لە ماڵی باپیری بوون. هەموو ڕۆژێ دەچووە بەر کولانەی کەروێشکەکان و سەیری کەلەم و گێزەر و خواردنی دەکردن و بە جووڵەی دەم و سمێڵیان دەتریقایەوە. ئیدی لەو ڕۆژەوە کەروێشک لەبەر چاوی شیرین بوو.
دایکی کەروێشکێکی سپی و قەشانی بۆ کڕی. خستیانە کارتۆنێک و بردیانەوە بۆ ماڵێ. ئیدی لەو ڕۆژەوە دایکی دیلان کەوتە زەحمەت و دەبوو هەموو ڕۆژێ، بچێتە بازاڕ، گێزەر و سەوزەی بۆ بهێنێت. لارا وەختێک بەوەی زانی لە بەر دەرگای خۆیانەوە سەیری ژەمە خواردنی کەروێشکە خرپنەی دیلانی دەکرد. حەزی دەکرد ئەویش ئاوا کەروێشکێکی خرپنی هەبێت. لەو ڕۆژەوە دیلان خۆی بە کەروێشکەوە خەریک کرد و کەمتر دەچوو بەلای وانەکانی قوتابخانەوە. چەند جارێکیش مامۆستا نامەی نارد و داوای کرد دایکی دیلان سەردانی قوتابخانە بکات. مامۆستا بە دایکی دیلانی گوت:
کچەکەت دڵی لەکن وانەکانی نییە و هەر بیری لەلای ماڵێیە.
دایکی بۆ مامۆستای باس کرد: ماوەیەکە کەروێشکم بۆ دیلان کڕیوە، لە ماڵەوە کایەی لەگەڵ دەکات، هەر لە قوتابخانە هاتەوە خەریکی یاریکردنە و گرنگیی بە خواردن و خەوی خۆشی نادات. مامۆستا چەند ئامۆژگاریی دیلانی کرد، ئەگەر گرنگیی بە وانەکانی نەدات، لە هاوڕێکانی دوا دەکەوێت.
لارا زۆر دڵی بە خۆی مابوو وەک دیلان کەروێشکی نییە، بەڵام بەوە خۆشحاڵ بوو وانەکانی باش دەخوێنێت و دایکی و مامۆستاکەی لێی ڕازین و لە قوتابخانەش یەکەمە. بێجگە لە وانەکانی بەو قەڵەم ڕەنگیانەی دایکی بۆی کڕیبوو وێنەی جوانیشی دەکێشایەوە، لە ژوورەکەی خۆیدا چەند وێنەیەکی جوانی هەڵواسیبوو. ماوەیەک ڕابرد و ڕۆژێک لارا و دایکی بە دەنگی گریان چوونە کۆڵانەکە، دیلان دەگریا و کەروێشکە خرپنەکە لەبەر دەمی کەوتبوو، دایکیشی دیلانی دەلاواندەوە:
مەگری کیژی خۆم، مەگری، یەکەم ڕۆژ پێم گوتی، ئەگەر کەروێشکەکان تەنیا بکەون، دەمرن، نابێ تاق ببنەوە، نابێ لە دایک و خوشک و براکانی جوێ بێتەوە.
لارا و دایکی زۆریان دڵخۆشی دایەوە، لارا دەستی دیلانی گرت، سرتەیەکی لەگەڵ کرد و بردی بۆ ماڵی خۆیان و چوونە ژوورەکەی خۆی، دایکی دیلان بە یارمەتیی دایکی لارا کەروێشکه مردووەکەیان خستە نایلۆنێک و دەرگاکەیان بەست، تا بۆگەنی نەیات، لە تەنەکەی خاشاکدا دایاننا. دیلان وەختێک هاتەوە بۆ ماڵی خۆیان، وێنەی کەروێشکێکی سپی و خرپنی بەدەستەوە بوو، لە ژوورەکەی خۆی هەڵیواسی.


