خۆت بناسە
ئەرسەلان حەسەن
دایکە بۆق بە بێچووەکەی خۆی گوت: “پێویستە بزانیت تۆ کێیت و لە ژیانتدا چیت پێ دەکرێت، خۆت بناسە”. هەرچەند بەچکە بۆقەکە لەبەر خۆیەوە قسەکەی دایکی دەگوتەوە و دەیویست بزانێت کێیە و چی پێ دەکرێت و چۆنچۆنی خۆی بناسێت و دەبێت لەکوێوە دەست پێ بکات، بەڵام نەیدەزانی.
بە دایکی گوت: باشە ڕێگاکەم نیشان دەدەی، تا بزانم لەکوێوە دەست پێ بکەم؟!
دایکی بە پەنجەیەک کتێبخانەکەی ماڵەوەیانی نیشان دا و گوتی: “لەوێوە، ئا لەوێوە، بەڵام پێویستە سەرەتا قۆناغەکانی گەشەکردنی خۆت بزانیت”.
بەچکە بۆقەکە تێگەیشت کە دەبێت بە خوێندنەوە دەست پێ بکات، بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک، تا بزانێت کێیە و چی پێ دەکرێت و چۆن خۆی بناسێت. ئەگەرچی بەچکە بۆقەکە لەو هەموو بەدواگەڕانەدا هەستی بە ماندووبوون دەکرد، بەڵام کە لە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی زۆردا زانی کێیە و چی پێ دەکرێت و بە باشی خۆی ناسی، چونکە دایکی کتێبخانەکەی ماڵەوەی نیشان دابوو، تێگەیشت و زانی هیچ شتێک لە ژیاندا بەبێ هەوڵدان و ماندووبوون نابێت، بەڵام کە بەرەکەیت چنییەوە، ئەوکاتە هەست دەکەی هەوڵ و ماندووبوونەکەت ئەنجامی هەبووە.
بەچکە بۆقەکە گەڕایەوە لای دایکی و پێی گوت: “من لە ئەنجامی ڕێگا نیشاندانەکەی تۆوە، توانیم خۆم بناسم و بزانم لە ژیانمدا چیم پێ دەکرێت.. سوپاست دەکەم”.


