Edit Template

سمۆرە و چیای خواردن – هەرێم کەمال

​ سمۆرە و چیای خواردن

هەرێم کەمال

​         لە دارستانێکی سەوز و جواندا، سمۆرەیەکی کلک بژ بژ هەبوو، کە زۆر حەزی لە خواردن بوو. کاتێک دەچووە سەر سفرە، هێندە گوێز و فستقی لە قاپەکەی دەنا، دەبوو بە چیایەکی بچکۆلە! بەڵام کێشەکە لێرەدا بوو؛ سمۆرە نەیدەتوانی هەمووی بخوات، بۆیە هەمیشە نیوەی خواردنەکەی بەفیڕۆ دەچوو.

​ڕۆژێکی خۆش، کەروێشکە ناری بانگهێشت کرد بۆ میوانی. سفرەیەکی ڕازاوە لە گێزەری شیرین و کاهووی تەڕ و بڕ چاوەڕێی دەکردن. سمۆرە وەک هەمیشە، پێش ئەوەی کەروێشکە دەست پێ بکات، خێرا زۆربەی خواردنەکەی بۆ لای خۆی برد. کەروێشکە ناری تەنیا بە بێدەنگی سەیری کرد و هیچی نەگوت.

​دوای نانخواردن، کاتی یاری هات. سمۆرە بە هەڵبەز و دابەز گوتی: “کەروێشکە گیان، وەرە با ڕابکەین!” بەڵام کەروێشکە زۆر کز و ماندوو دیار بوو، هێزی تێدا نەمابوو.

سمۆرە بە سەرسوڕمانەوە پرسی: “هاوڕێم، بۆچی وا بێهێزیت؟”

کەروێشکە بە دەنگێکی نزم گوتی: “چونکە زۆر برسیمە… تۆ هەموو خواردنەکەت بۆ لای خۆت برد و من بە برسێتی مامەوە.”

​سمۆرە سەیری ناو قاپەکەی خۆی کرد، پڕ بوو لە خواردنی جێماو، کە دەستی لێ نەدابوون. زۆر شەرمەزار بوو و گوتی: “ئەی بۆ ئەو خواردنەت نەخوارد کە لە قاپەکەی مندا مابوو؟”

کەروێشکە بە میهرەبانی گوتی: “هاوڕێم، ئەوەی لە قاپەکەی تۆدایە ‘بەرماوەیە’. من ناتوانم بەرماوە بخۆم. نانخواردن کاتێک تامێکی خۆشی هەیە، کە پێکەوە و بە یەکسانی بیخۆین.”

​لەو ڕۆژەوە، سمۆرە فێر بوو، تەنیا بەقەد پێویستی خۆی خواردن تێبکات. ئێستا ئەو دەزانێت، کە باشترین خواردن ئەو خواردنەیە، کە هەموو هاوڕێکان پێکەوە تێری دەبن.

 

​ سروودی سفرە

​خواردن نیعمەتە، زۆر جوان و پاکە

بەفیڕۆی مەدە، ئیسراف نە چاکە

​لە سەر سفرە وەک سمۆرە مەبە

لە خەمی خۆت و هاوڕێکانت بە

​بەقەد پێویستیت، خواردن تێبکە

قاپەکەت ڕوون و، دەم بە خەندە بە

​تام و چێژی نان، لە هاوبەشیدایە

بۆ من و بۆ تۆ، بۆ هەموو لایە

هەرێم کەمال

Writer & Blogger

Considered an invitation do introduced sufficient understood instrument it. Of decisively friendship in as collecting at. No affixed be husband ye females brother garrets proceed. Least child who seven happy yet balls young. Discovery sweetness principle discourse shameless bed one excellent. Sentiments of surrounded friendship dispatched connection is he.

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©

Sekokurd (Zarok) | 2025 ©