چامەی
یاریی کوردەواری
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
چی یاریی خۆش هەیە بیکەین
پاس پاس ئەستێرە و جۆلانێ
تیرۆگێ و سابوونەڕەقە
گەمەی مشک و پشیلانێ
ناز حەزی لە حیبۆکییە
دلین دەچێە ساپانێ
سالی و کارین و کلارا
پێکڕا دەیکەن پێنجووکانێ
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
گۆ و قاشۆیان ئامادەکەن
براوەین لە قاشۆیانێ
کاڤار هاوار دەکا ئا دەی
بارام بۆ بارەخوێیانێ
ئاکار و ئەلەند و هەژیر
بەتاو ڕۆشتن بۆ تۆپانێ
چەندە خۆشە شەلم کوێرم
گوێت نەگرن لە گوێفڕکانێ
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
ئەوا دەستەیەک لە کچۆڵان
بەردیان برد بۆ قاقایانێ
دەنگی شەش حەوتێکی تر دێ
هە چەرمە چەرمە و حێللانێ
گورگ و داپیرە و بەرخۆڵە
دەچینە دونگە مەڕانێ
ها کڵاو بۆ کڵاوبەردێن
دەی ڕاکەن بۆ چاوشلکانێ
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
دیسان سەرەتای پاییزە
بۆ تاژتوولە و گوێز گوێزانێ
باران نەبوو هەنگاو دەنێین
لەبۆ بووکەبەبارانێ
بەهارە گوریسان بێنن
هات وادەی گورز گورزانێ
ئاگاتان لە کەوشی خۆ بێ
کاتێتی کەوش کەوشانێ
بەردی سوور و سپی کۆوەکەن
خەت لێدەن بۆ نۆڕێزکانێ
هەی ئەستێرە و پەنگەستێرە
حندرحۆپ و دارکێشکانێ
لە هاوین چی هەیە خۆشتر
لە مەلە و سۆنە سۆنانێ
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
گەمانی نێو کوردەواری
هەڵهێن و مەیل مەیلانێ
کێ هەیە یەکەمین بێ لە
شێر و خەت و پەلیکانێ
دە کەسین، نۆ کورسی بێنن
بۆ بەزمی کورسی کورسیانێ
دەی هەر کەس شیوی خۆی بێنێ
دەڕۆینە شیوەکوڵانێ
تیتلە سماق و دەسڕەکەم
حەممەشکێ و گوریس کێشکانێ
های لە حەلا حەلالیشکێ
هەڵماقۆ و چاڵەوانانێ
نزای بەخشینی دوو کوڕ و کچ
شەوبەرات گەییە ئاسمانێ
یادی میر و گزیر دەکەم
پشیلە سوورە و جگانێ
بووکۆکە چەند جوانە بووکێ
قۆرتەک لێدەن بۆ مۆریانێ
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
ئاغا ناردوومی بۆ مەڕێ
مەڕەکە لە دەورت گەڕێ
دەی ڕابن ڕابن بۆ یاری
لەبۆ یاریی کوردەواری
شۆخی و گاڵتە، تەتڵەمیران
جەفەنگ و حەنەک و گەمان
یاری و وازی، گەپ و کایە
لە کوردیدا هاوواتایە
یاری خۆشە، پێکەنینە
دونیای یاری زۆر ڕەنگینە
***
هەلور بەلور تەکامانێ
وەرن بابچینە گەمانێ
بە گەمە دەدرەوشێینەوە
حەزەکەین بڕۆین، نێینەوە
بە یاری نوێ دەبینەوە
خەندە و خۆشی دەچنینەوە
یاری هێز و وزە و تینە
جووڵە و پێشبڕکێ و وەرزینە
یاری نەکەین دڵمان دەمرێ
باخی ژینمان خەم دایدەگرێ
یاخوا قەت بێ یاری نەبن
خۆتان و یاری هەر هەبن


